لەم چەند رۆژەی رابردوودا دەرگای پڕوپاگەندەو راگەیاندن بۆ لیستەكانو پاڵێوراوەكانیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق واڵاكراو هەر لیستێكو بە كۆمەڵێ بەرنامە هاتە نێو كێبڕكێی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە.
ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردن بە بنەمایەكی سەرەكی لە بنەماكانی دیموكراسیەت دێتە هەژماردن، لێ بەشداریكردن لەو پرۆسەدا ئەركێكی نیشتمانیو نەتەوەییەو بەتایبەت بۆ تاكی كورد لە سنووری پارێزگای موسڵو تەواوی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان، كە لەم ناوچانەدا ستراتیژیەتو بەرژەوەندی نەتەوەییمان لێمان دەخوازێ ئەو ئەركو بەرپرسیارییەتیە گەورەی دەكەوێتە سەرشانی خەڵكی ئەو دەڤەرانە بەهەند وەرگرین، ئەمیش لە رێگرتن لە بەدیهاتنی مەرامی عەرەبە شۆفێنیەكانو پاشماوەی بەعس لە گەڕاندنەوەی حوكمی تاكڕەویو قڕكردنو سڕینەوەی مۆركی نەتەوەییمان لەو دەڤەرە.
هەرچەندە بوونی رای جیاوازو بیروبۆچوونی جیا مانای تەندروستی دیموكراسیەت دەگەیەنێ لەو دەڤەرە، بەڵام هەروەك دەبینین لە دەڤەری مەخموور ژمارەیەكی زۆر خۆیان كاندید كردووەو بەمەش دەنگەكانی ئەو دەڤەرە پەرتەوازە دەبنو ئەگەری سەركەوتنی تەنها یەكێك لە پاڵێوراوەكانی دەڤەری مەخموور كەمتر دەبێتەوە لە بەرامبەر دەڤەرەكانی تر.
بۆیە گرنگە دەنگدەر دوور لەهەر بیركردنەوەیەكی تەسكی حیزبایەتی لە هەوڵی ئەوەدابێت كە دەنگەكەی بەفیڕۆ نەچێتو زیرەكانە بڕیار بداتو بە قسەی بریسكەداری بێ كردار نەخەڵەتێو بزانێ كە كێ زیاتر لە رابردوودا هەمیشە خەمخۆری دەڤەرەكەیو خەڵكە بێنازەكەی بووەو كێ هەمیشە داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی مەخموور كردووەو لەخەمی بەهاناوەهاتنی دەسەڵاتداران بووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریو ئاوەدانكردنەوەو جوانكردنی سیمای شارەكەمانو بەهاناهاتنی خەڵكی ناوچەكە لەهەركاتو ساتێكدا، ئەوا دەنگی پێبدەین، بۆ ئەوەی بوانێ بەهەمان گڕوتینو هەمان گیانی خزمەتكردنەوە، لە داهاتوودا لە پەرلەمانی ئێراق زیاتر داكۆكی لە دەڤەرەكەمان بكاتو دەنگی مەخموورو قەراجو كەندێناوەو گوێڕ بە پەرلەمانی ئێراق بگەیەنێو لە پێناو ئێمەی مەخمووریدا شەڕ بكات، كورد گوتەنێ "مانگ لە چواردە پێویست بە ئەنگوست ناكات"و لەم رووەوە خەڵكی دەڤەرەكە خۆیان راستیەكان دەزاننو ناتوانرێ حاشای لێبكرێ، بۆیە دوابڕیار لەلای دەنگدەر خۆیەتی، بەڵام خۆ ئەگەر بەم شێوەی سەرەوە بڕیار بدەین ئەوا بڕوا دەكەم دەنگەكەمان بەهەدەر ناچێتو پەشیمانیش نابینەوە لەوەی كە دەنگمان بەكێ داوە، ماوە بڵێین با بەر لە دەنگدان بزانین دەنگ بە كێ بدەین باشـــە؟
هاوپۆل : دهنگی مهخموور - سهردانهكان : [52] - زیادكراوه له : - نووسهر : خەلیل پاڵانی |