
موحسین شوانی:
نامه‌وێ شیعرێك بنووسم كه خۆم له ئاڕاسته‌یه‌ك بم‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌شم له‌ئاڕاسته‌یه‌كی تر بێت
موحسین حه‌مه‌دئه‌مین حوسێن ناسراو به (موحسین شوانی) ناوێكی دیاره له‌سه‌رجه‌م قه‌زای مه‌خموور، هه‌ندێ جار به‌شاعیرو هه‌ندێ جاریش وه‌كو سیاسه‌تمه‌دارێك‌و گه‌ڵێ جاریش وه‌كو رۆژنامه‌نووسێك‌و وه‌رزشوانێك باسی لێوه ده‌كرێت، لێره‌دا به‌پێویستمان زانی ئه‌م كه‌سایه‌تیه دیاره‌ی مه‌خموور به‌سه‌ربكه‌ینه‌وه، شوانی ساڵی 1971 له‌ده‌شتی قه‌راج سه‌ر به‌قه‌زای مه‌خموور له‌دایكبووه، ده‌رچووی ئاماده‌یی پیشه‌سازی مه‌خمووره، خێزانداره دوو كوڕ‌و دوو كچی هه‌یه، ئێستاكه به‌رپرسی لقی مه‌خمووری یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانه‌و له‌هه‌مانكاتیش مامۆستای سه‌ره‌تاییه له‌قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی كوردستان له‌مه‌خموور.
سازدان: رۆژنامه‌ی ده‌نگی مه‌خموور
* به‌هره‌كانت هه‌مه‌جۆرن، به‌ڵام سه‌ره‌تای كاری هونه‌ریت به‌گۆرانی ده‌ست پێكرد ئه‌مه چۆن بوو؟
شوانی: ساڵی 1983 بوو كه تازه بنكه‌ی وه‌رزش‌و لاوانی مه‌خموور كراوه ئه‌وكاته پرۆڤه‌ی گۆرانی ده‌كرا له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل كوێستانی كه تازه گۆرانی (له‌نجه‌گیان به‌له‌نجه)ی ناسری ره‌زازی ده‌رچووبوو، ئه‌وه‌بوو له‌ئاهه‌نگێك به‌و گۆرانیه به‌شداریم تێداكرد. دوای ئه‌وه بیرمه زۆر ئاره‌زووم له‌ئامێری (ساز) كرد‌و داوام له‌مامۆستا جه‌میل سنجاوی كرد ئه‌وه‌بوو بۆماوه‌ی دوو كاتژمێر له‌سه‌ر یه‌ك خه‌ریكی ژه‌نینی سازبووم، ئه‌وه‌بوو مامۆستا جه‌میل پێی وتم "تۆ ده‌بیه سازژه‌نێكی زۆرباش".
* تائێستا چه‌ند به‌رهه‌می چاپكراوت هه‌یه؟
شوانی: سه‌ره‌تای نووسینی شیعرم بۆ ساڵی 1984 ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وكاته یه‌كه‌م شیعرم به‌شێوه‌ی ده‌بڕگه‌یی نووسی‌و به به‌رێز (غه‌فوور مه‌خمووری)م نیشاندا ئه‌ویش سه‌رسوورمانی خۆی ده‌ربڕی‌و پێمی گوت "سه‌یره ئه‌و شیعره‌ت هه‌مووی ده بڕگه‌ییه‌و قافیه‌ت بۆداناوه ئه‌وه خۆت نووسیوته" منیش ووتم به‌ڵێ خۆم نووسیومه، هه‌رچه‌نده ئه‌وكاته له‌وه‌رزن‌و قافیه‌ی شیعری زۆر شاره‌زا نه‌بووم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌یه‌كه‌م شیعرم سه‌ركه‌وتوو بووم، ئه‌وكاته كاك غه‌فوور مه‌خموور زۆر هاوكاری كردم‌و كۆمه‌ڵێ كتێبی شیعری پێدام‌و زۆر سوودم لێ بینی، له‌وكاته‌وه تاوه‌كو ئه‌مڕۆكه به‌رده‌وامم له‌شیعر نووسین كه ئێستا 8 چاپكراوو نامیلكه‌ی شیعریم هه‌یه ئه‌وانیش بریتین له (هه‌واڵی زیندان)، (سێبه‌ری پاشخانی كورد)، (هه‌له‌ی مێژوو)، (ئابڕووی 18 خونچه)، (ته‌نیا پێغه‌مبه‌ر)، (ته‌قینه‌وه)، (هه‌شت سه‌د هه‌زار واژوو)، (دیواری ده‌سه‌ڵات)، ئێستاش به‌نیازم نامیلكه‌یه‌كی شیعری به‌ناوی (شاره‌كه‌م- مه‌خموور) بڵاوبكه‌مه‌وه ئه‌گه‌ر بێت‌و سه‌نته‌ری رۆشنبیری قه‌ره‌چووغ هاوكاریم بكه‌ن.
* ئه‌گه‌ر باسێكی ئاواز‌و هۆنراوه‌كانت بكه‌ی؟
شوانی: دوای ئه‌وه‌ی فێری ئامێری ساز بووم به‌شداریم له‌زۆربه‌ی ئاهه‌نگ‌و بۆنه‌كان ده‌كرد، به‌ڵام وه‌كو ئاواز‌و شیعردانان زۆربه‌ی ئاوازه‌كانم داوه‌ته گۆرانیبێژ (ئه‌حمه‌د زه‌مانه)و كۆمه‌ڵێ هونه‌رمه‌ندی دیكه‌ی وه‌كو (كامه‌ران ساڵح‌و خۆشه‌وی عه‌زیز‌و فاخیر نامیق‌و لوقمان‌و عبدالله شیاو وسلیم عمرو عه‌زیز سه‌لام) كه ئه‌مه‌ی دوایی به‌داخه‌وه شیعر‌و ئاوازێكی كردووم به‌گۆرانی بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به‌ناوی من بكات، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندی لاو (سالار نه‌ورۆز) به‌م دواییه سوودی له‌ئاوازو هۆنراوه‌كانم وه‌رگرتووه. هه‌روه‌ها دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991یش چه‌ند مه‌نه‌لۆجێكم له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند (ساڵح بێكه‌س) تۆماركران.
* تۆ له‌بواری شانۆشدا به‌شداریت كردووه؟
شوانی: یه‌كه‌م كاری شانۆیم بۆ ساڵی 1980 ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌وكات له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (عه‌دنان عوسمان) به‌شداری شانۆی (دكتۆر)م كرد، دوای ساڵی 1987 كه هاتمه‌وه نێو دونیای مۆسیقا به‌هه‌مان شێوه ده‌ستم به‌كاری شانۆیی كرد، له‌تیپی مۆسیقای قه‌ره‌چووغ‌و تیپی شانۆی مه‌خموورو تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری‌و تیپی شانۆی هاوچه‌رج كارم ئه‌نجامداوه، ئه‌وكاته وه‌كو ئه‌كته‌رو وه‌كو ده‌رهێنه‌رو جارجاریش وه‌كو نووسینی شانۆ به‌شداری زۆربه‌ی چالاكییه هونه‌رییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌م كردووه، ده‌توانم بڵێم ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌كۆتایی هه‌شتاكاندا پێشكه‌شمان كرد ئێستاكه به‌و هه‌موو سه‌نته‌رو رێكخراوانه ناتوانن ئه‌و رۆڵه بگێڕن.
* روانگه‌ی شیعره‌كانت وه‌كو ده‌ڵێن ره‌ش بینی پێوه دیاره ئه‌مه بۆ؟
شوانی: جگه له‌خۆم ره‌نگه به‌شی زۆری خه‌ڵكی كوردستان ره‌ش بینن له‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ی هه‌یه، به‌تایبه‌ت ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستاكه هه‌یه، منیش وه‌كو شاعیرێك ئاماژه‌م بۆ كردووه‌و گوزارشت له‌كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆم ده‌كه‌م، نامه‌وێ شیعرێك بنووسم كه خۆم له ئاڕاسته‌یه‌ك بم‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌شم له‌ئاڕاسته‌یه‌كی تر بێت. وه‌كو شاعیرێك حه‌ز ده‌كه‌م هه‌رچی كه‌موكوڕی‌و ئازاری هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگا هه‌یه بیخه‌مه سه‌ر كاغه‌زو هه‌ر بۆیه زۆربه‌ی شیعره‌كانم باس له‌هه‌له‌بجه‌و ئه‌نفال‌و مه‌ینه‌تی ده‌كات، پێم سه‌یره كاتێك ئێمه خاوه‌نی نه‌ته‌وه‌كین كه به‌سه‌رهاته‌كه‌ی پڕیه‌تی له‌ناسۆرو مه‌ینه‌تی‌و كاره‌سات ئێمه‌ش باسی نه‌كه‌ین‌و ئاماژه‌ی پێ نه‌ده‌ین.
* كاریگه‌ری چ شاعیرێك به‌سه‌ر شیعره‌كانی (شوانی)یه‌وه هه‌یه؟
شوانی: له‌سه‌ره‌تای نووسینی شیعر تاده‌گاته ئه‌مڕۆ كاریگه‌ری شیعره‌كانی مامۆستای گه‌وره (عه‌بدوڵڵا په‌شێو)م به‌سه‌ره‌وه دیاره، شیعره‌كانی زۆر كاریگه‌ری تێ كردووم، شیعره دڵدارییه‌كانی ساڵانی هه‌شتاكان‌و شیعره ره‌خنه‌و نیشتمانییه‌كانی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان.
* هۆی چیه تائێستا كۆرێكی شیعریت به ته‌نیا له‌مه‌خموور ساز نه‌كردووه؟
شوانی: تائێستا له‌زۆربه‌ی كۆر‌و ئاهه‌نگه‌كان‌و له‌دیداری زۆربه‌ی ته‌له‌فزیۆن‌و رادیۆكان به‌شداریم كردووه، به‌هه‌مان شێوه له‌مه‌خمووریش له‌زۆر بۆنه‌دا به‌شداربوومه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م ئه‌وه‌یه چه‌ند سالێكه داوا له‌سه‌نته‌ری رۆشنبیری قه‌ره‌چووغ ده‌كه‌م كۆرێكی شیعریم بۆ ببه‌ستێ، به‌ڵام نازانم بۆ نایكه‌ن؟! وای بۆ ده‌چم له‌به‌ر ئه‌وه‌یان بێت شیعره‌كانم ره‌خنه‌ین نه‌وه‌ك بوودجه‌كه‌یان ببرێت.
* زیاتر له‌بیست ساڵه له‌بواری رۆژنامه كارده‌كه‌یت‌و نه‌بویته ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان بۆچی؟
شوانی: هه‌روه‌ك چۆن بواری شیعره‌كانم لایه‌نی ره‌خنه‌یی گرتووه، له‌بواری نووسین‌و رۆژنامه‌نووسیش به‌هه‌مان شێوه نوسینه‌كانم زیاتر ره‌خنه‌یین، زۆر پێم سه‌یره من له‌ساڵی 1987 له‌گۆڤاری كاروان‌و رۆژنامه‌ی ئاسۆ‌و له‌سه‌ره‌تاكانی گۆڤاری ره‌نگین به‌شداربوومه تاده‌گاته ئه‌مڕۆ كه نزیكه‌ی 22 ساڵ ده‌كات له‌چه‌ند رۆژنامه‌و گۆڤارێكیش له‌ده‌سته‌ی نووسه‌رانم، به‌ڵام به‌داخه‌وه چه‌ندین جاریش داوای ئه‌ندامێتی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانم كردووه نازانم بێ پاساو تاوه‌كو ئێستا وه‌ڵامیان نه‌داومه‌ته‌وه‌و ئێستاش ئه‌ندامی ئه‌و سه‌ندیكایه نیم، چه‌ندین جار فۆرمی ئه‌ندامێتیم پڕكردۆته‌وه‌و سه‌ردانی سه‌ندیكام كردووه له‌گه‌ڵ رێزم بۆ كاروپیشه‌كانی دیكه به‌ڵام زۆر كه‌سی دوور له‌بواری رۆژنامه‌نووسی بونه‌ته ئه‌ندام كه‌چی كه‌سانێكی وه‌كو من زیاتر له بیست ساڵه له‌وبواره كارده‌كه‌م كه‌چی نه‌بومه‌ته ئه‌ندام له‌و سه‌ندیكایه. دیاره كه‌باس له‌و سه‌ندیكایه ده‌كه‌م ئێمه ناچارین ببین به‌ئه‌ندام له‌و سه‌ندیكایه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و سه‌ندیكایه هه‌ژموونی حیزبی له‌سه‌ره، نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان كه‌سێكی پارتیه‌و جێگره‌كه‌ی یه‌كێتیه، سكرتێره‌كه‌ی یه‌كگرتووه‌و ئه‌نجومه‌كه‌شی شیوعی‌و حیزبی دیكه‌ی تێدایه‌و لقه‌كانیشی به‌سه‌ر حیزبه‌كان دابه‌ش كراوه، به‌داخه‌وه له‌ماڵپه‌ره‌كانی ئینته‌رنێت نامه‌یه‌كی تایبه‌تیم بۆ به‌رێز فه‌رهاد عه‌ونی نه‌قیبی سه‌ندیكاو ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا نارد كه‌چی وه‌ڵامیان نه‌دامه‌وه! نازانم ئه‌و سه‌ندیكایه تاچه‌ند ئاگاداره من كه داوایه‌كی وا ساده‌م هه‌یه وه‌ڵامم نه‌ده‌وه ئه‌ی چۆن ئه‌وكاته‌ی ده‌ست درێژیم بكرێته‌سه‌ر چۆن مافم ده‌سێنرێ.
* كه‌می ئافره‌ت له‌بواره جیاجیاكان بۆچی ده‌گه‌رێنیته‌وه؟
شوانی: هۆكاره‌كه‌ی بۆ خودی ئافره‌تان ده‌گه‌رێنمه‌وه، وادیاره ئه‌و توانا‌و به‌هره‌یان تێدانییه، ئه‌گه‌رنا باوه‌رناكه‌م كه‌سانێك ده‌ڵێن كۆمه‌ڵگا رێگره! ئه‌و رێگرییه شتێكی رێژه‌ییه ره‌نگه له‌هه‌ندێ شاره‌دێ‌و خانه‌واده هه‌بێت، به‌ڵام رێژه‌كه كه‌م. ئه‌مڕۆكه ئافره‌ت ئازاده، ئه‌وه‌تا سه‌یری قوتابخانه‌كان بكه به‌هه‌زاران قوتابی كچی تێدا ده‌بینرێت كه رێژه‌كه‌ی له‌كوڕان زیاتره. هۆكارێكی دیكه‌ش زۆره له‌وانه پیاوان تاڕاده‌یه‌ك هه‌ست به‌جوانی ناخی ئافره‌ت ناكه‌ن به‌قه‌د ئه‌وه‌ی سه‌یری روخسار‌و شێوه‌ی ئافره‌ت ده‌كه‌ن!. هه‌روه‌ها خودی رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان‌و خوشكان‌و ژنان ئه‌وانیش به‌شێكن له‌و كاره‌ساتانه‌ی كه به‌سه‌ر ئافره‌ت دێت. هه‌روه‌ها ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌داخه‌وه رۆلێكی سه‌لبی له‌و بواره ده‌گێرن، ئه‌گه‌ر له‌روانگه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه سه‌یری نه‌كه‌ین ئه‌وا له‌گه‌ڵ خودی داب‌و نه‌ریتی كورده‌واری زۆرێك له‌به‌رنامه‌كان ناگونجێ‌و هۆكارن بۆكاری خراپه.
* هۆكاری دووركه‌وتنه‌وه‌ت له‌كاری هونه‌ری چی بوو؟
شوانی: راسته له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه ده‌ستم به‌كاری هونه‌ری كرد‌و دوای دابڕانێك به‌ڵام له‌ساڵی 1987 به‌رده‌وام بووم تاوه‌كو ساڵی 1998 بۆ ماوه‌ی 11 ساڵ له‌كاری هونه‌ری (شانۆ، مۆسیقا)، به‌ڵام دوای ئه‌و رێكه‌وته گۆرانكارییه‌كی فكریم به‌سه‌رداهات‌و له‌كاری هونه‌ری دووركه‌وتمه‌وه‌و زیاتر رووم له‌بواری ئایینی كرد، وه‌كو ده‌ڵێن (به‌پێكه‌نیه‌وه) له‌عه‌لمانی بووم به‌ئیسلامی.
* ده‌كرێ بزانین هۆكاری چی بوو له‌رۆژنامه‌ی (ده‌نگی مه‌خموور) ده‌ستت له‌كار كێشایه‌وه؟
شوانی: هه‌ر شتێك له‌خزمه‌تی ئه‌و شاره بێت حه‌ز ده‌كه‌م منیش ده‌ستم تێیدابێت (ده‌نگی مه‌خموور)یش رۆڵی خۆی بینیوه، به‌ڵام هه‌ستم كرد ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌رپه‌رشتی رۆژنامه‌كه ده‌كات له‌دوا ڵاپه‌ره بابه‌تی هونه‌رمه‌ندی فارسی‌و توركی داده‌نێ یاخود بابه‌تی وێنه‌ی رووت وكه‌للوه‌كان داده‌به‌زێنن كه ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ بۆچوونی من ناگونجێ، هه‌روه‌ها دوو جار داوام كرد شیعرێكم له‌سه‌ر مه‌خموور داناوه كه‌چی بڵاویان نه‌كرده‌وه بۆیه منیش ده‌ستم له‌كار كێشایه‌وه.
* ره‌وشی هونه‌ری به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو چۆنه؟
شوانی: ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه‌و بوونی ئامێر‌و پێداویستی زۆر‌و بوونی سه‌نته‌ره‌كان‌و وه‌رگرتنی بوودجه كه مانگانه 2 ملیۆن دینار وه‌رده‌گرن، به‌داخه‌وه به‌گوێره‌ی پێویست نیه! نه‌ك ئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو به‌راده‌ی سه‌دا ده‌ی ساڵانی هه‌شتاكان نین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌گیرفانی خۆمان سه‌رفمان ده‌كرد، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌گیانی كوردایه‌تی كارمان ده‌كرد، ئه‌وكاتانه‌ی كه مه‌خموور له‌ژێر ته‌عریب بوو چه‌ندین به‌رهه‌ممان پێشكه‌ش كرد كه‌چی ئێستا به‌رهه‌ممان نیه! ئه‌مه‌ش به‌هۆی بوونی هه‌ژموونی حیزبی به‌سه‌رتاپای كوردستان‌و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری‌و خودی سه‌نته‌ره‌كانیش، دووه‌میش به‌هۆی ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌و پاره خواردنه‌ی كه هه‌یه، به‌داخه‌وه ئه‌م هه‌موو پاره زۆره‌ی كه سه‌رف ده‌كرێت بوه‌ته هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی داهێنان نه‌مینێ! ئه‌مه‌ش وایكردووه ئه‌وانه‌ی له‌سه‌نته‌ره‌كان كارده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی له‌بیری پاره‌خواردنن ئه‌وه‌نده بیر له‌داهێنان‌و كاری جوان ناكه‌نه‌وه. له‌سه‌رده‌می به‌عس كاتێك ئاواز‌و شیعرێكمان داده‌نا یاخود شانۆیه‌كمان نمایش ده‌كرد وامانده‌زانی زه‌برێكی گه‌وره له‌دوژمنمان داوه، وامانده‌زانی كه ئێمه شان به‌شانی پێشمه‌رگه‌ی شاخ ئه‌وا ئێمه‌ش خه‌بات ده‌كه‌ین.
* ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه بێیته‌وه نێو بواری هونه‌ری مه‌رجی كاركردنت چیه؟
شوانی: مه‌رجی من ته‌نیا یه‌ك سنووره، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كه ده‌یكه‌م سنووری خوا نه‌به‌زێنێ، ئه‌وا به‌لامه‌وه ئاساییه، شتێك پێشكه‌ش ناكه‌م كه خوا لێم زویر بێت هه‌روه‌ها شتێكیش له‌گه‌ڵ داب‌و نه‌ریتی كوردی نه‌گونجێ.
هاوپۆل : كوردستانی - سه‌ردانه‌كان : [50] - زیادكراوه له : - نووسه‌ر : mexmur |