نەوتی مەخموور بۆ كوێ دەروات ؟
خەلیل پاڵانی
بەهۆی داڕووخاوی سیمایەوە دەڤەری مەخموور بە هەرسێ ناحیەكانی قەراجو كەندێناوەو گوێڕ ئەم چەند پڕۆژە بچووكەی كەبۆی ئەنجام دەدرێت، تێنوێتی ناوچەكە لەرووی خزمەتگوزاریو ئاوەدانكرنەوەدا ناشكێنێ، ئەگەرچی مەخموور ئەو دەڤەرەی كە بە گەنجینەی ئابووری كوردستان دێتە ژماردن، بەهۆی بەپیتو بەرەكەتی خاكەكەی بۆ كشتوكاڵكردنو بوونی جۆرەها كانزاو لەهەموویشی گرنگتر دەوڵەمەندە بە دەریایەك لە زێڕی رەش، بۆیە دەشێ بڵێین دەڤەرێكی دەوڵەمەند لە داهاتو لەهەموو روویەكی ترەوە هەژارە.
جێگەی خۆشحاڵیە كە لە خاكی مەخموور نەوت دەردەهێنرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی هەلوەستە لەسەركردنە نازانرێ بۆ كوێ دەڕوات؟ هەر بەهۆی ئەوەی نەوتەكە بەتانكەر دەگوازرێتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی تێكدانی شەقامی نێوان مەخموورو هەولێر، خۆ ئەگەر داهاتی یەك رۆژی ئەو نەوتە بۆ بەجووتسایدكردنی ئەو شەقامە تەرخانبكرێت، ئەوا بەشی دەكاتو بە زیادەوەش، لەبەرئەوەی رۆژانە بەهۆی تێكچوونی رێگاكەوە كارەساتی دڵتەزێن بەهۆی پێكدادانی ئوتومبێلەوە روودەدات، ئا لێرەوەش شیاوە بڵێن داهاتی ناوچەكە بۆ كوێ دەڕواتو ریقنەكەیش بۆ كێ دەمێنێتەوە!
دیاریكردنی رێژەیەك لە داهاتی نەوتی مەخموور بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانو ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان، كارێكی ئەستەم نیەو دوور لە یاساو دەستوور نیە، ئەوەتا لە ماددەی (121) سێیەم، لە دەستووری عێراقیدا هاتووەو جەخت لەسەر دابینكردنی بەشێك بەشیوەیەكی دادپەروەرانە لە داهاتەكان بۆ هەرێمو پارێزگاكان دەكاتەوەو هەر لەژێر سایەی ئەم ماددە دەستوورییەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا رەزامەندی داوە لەسەر پێشكەشكردنی پڕۆژە یاسایەك بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پێدانی نیو دۆلار لەبەرامبەر هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی دەرهێنراو لە بیرە نەوتەكانی هەر پارێزگایەكو ئەو نیو دۆلارەش بەو پارێزگایە بدرێت، لەلایەكی تریش لەم چەند رۆژی رابردوودا ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك داوای لە 1% ی داهاتی نەوتی شارەكەی كردووە.
بۆ ئەم مەبەستە دەكرێت لایەنی پەیوەندیدار لە ئیدارەی ناوچەكە گرنگیەكی باش بەم مەسەلە بدەن، بۆئەوەی ئەو رێژە نەوتەی كە هەردەڕواتو لە زیان زیاتر چیتری بۆ ئەو دەڤەرە لێ نەكەوتۆتەوە، بەڵام دەكرێت بەپێی ئەو ماددە دەستوورییەو ئەو پڕۆژە بڕیارەی حكومەتی عێراقی، داوای بەشی مەخموورو ناحیەكانی لەو نەوتەی كە لەخاكەكەیدا دەردەهێنرێت هەروەكو شوێنەكانی تر دیاری بكرێتو بۆ بوژاندنەوەی دەڤەرەكە بەكار بهێنرێت.
هاوپۆل : دهنگی مهخموور - سهردانهكان : [260] - زیادكراوه له : - نووسهر : خەلیل پاڵانی |