منداڵە سەرمابردووەكانی مەخموورو سۆپا پڕنەوتەكانی دەسەڵات
خهلیل پالاَنى
 كاتێك رەخنە ئاراستەی ئیدارە دەكەیت، مەبەست لێی دژایەتی كردن و ناشیرینكردن و رەشكردنەوەی نییە، بەڵكو لەوانەیە بە زمانێكی جیا لە زمانی تاقم و پێوەندەكانی دەسەڵات كەموكوڕیی و پێویستییە سەرەتاییەكانی ژیان و گوزەرانی خەڵك بۆ دەسەڵات بخرێتەروو، لە هەمانكات ئاگاداركردنەوەیەكی دەسەڵاتیش بێ بەو ئێش و ئازارو مەینەتیەی كە خەڵك دەیچێژن، چونكە دەسەڵاتداران لەودیوی بەردەكانەوە خۆیان حەشارداوەو تا خۆیان پێویستیان بە خەڵك نەبێت ئەوا لێیان ناپێچنەوەو تەنانەت ئامادەش نین گوێیان لە ناڵەناڵ و بۆڵەبۆڵی ئەو خەڵكەش بێ، بەڵام كاتێك هەڵبژاردن دێتە پێشەوە ئەوا ئەو كات دەرفەت گونجاوە بۆ نیشاندانی رووەكەی دووەم و وات لێدێت پەشیمان بیتەوە كە بڵێیت ئەمانە مرۆڤن، بەڵكو فریشتەنە فریشتە. پسولەی خۆراكی چواردەهەزار خێزانی ئاوارەی مەخموورو قەراج و كەندێناوەو گوێڕ گواسترایەوە لە سەر پارێزگای هەولێر بۆ سەر پارێزگای موسڵ، هەروەكو مەمەی خافڵاندنیش دووسێ هەزار چەكی ئەو ئاوارانە گەڕایەوەو ئەوانیتریش لەچاوەڕوانیەكی نادیاردا تووشی دڵەراوكێ بوون، دوای گەڕاندنەوەی پسوولەی خۆراكی ئەو هەموو خەڵكە، چاوەڕوان دەكرا رێگە چارەی باش بگیرێتە بەر بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان و قەرەبووكردنەوەیان بە زووترین كات، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ئەو خەڵكەی كە ماَڵی هێناوەتەوەو گەڕاوەتەوە سەر زێدی خۆی و ئەویتریش كە هەر لە هەولێرو دەوروبەریدان وان لە ماڵێكی بێ نەوت و لەخاكێكی پڕنەوتدا، لەنێو چوار دیواری ژوورێكی ساردو سڕدا بەدەم ئەگەری وەرگرتنی نەوت شەو و رۆژ دەخەنە سەر یەك و بەرپرسانیش بەزەقەی چاویان تانكەری نەوت لە خاكەكەی و لە شوێنی تریش بە شەقامەكەیدا تێدەپەڕێنن و بازرگانی پێوە دەكەن. ئەگەریش بەرپرسانی حیزبی و حكومی داوای پشوو درێژی لە خەڵكەكەو زمان درێژنەكردنی رۆژنامەنووس دەكەن بەرامبەر بە دەسەڵات، بەڵام ئەم چواردەهەزار خێزانە هەر هەمووی دەست رۆیشتوو نین و ئەوا نزیكە لە نێوەڕاستی وەرزی زستانی ساردو سۆَڵدا نزیك دەبینەوەو تا ئێستاش نەوت دابین نەكراوە، ئەگەر وا بڕوات و بتوانین مانگێكی تر ئارام بگرین، بۆ ئەوەی حزبی دەسەڵاتدارو ئیدارەكەمان لێمان زویر نەبن، ئەوا بە تكا داواتان لێدەكەین ئاگاداری ماڵ و منداڵی ئەو خەڵكە هەژارو كەمدەرامەتە نین كە خێزانەكانیان ناتوانن بەرمیلێك نەوت بكڕن و هەر لەسەرەتای ئێوارەوە خۆیان لەنێو بەتانیدا حەشار دەدەن و منداڵی ئێوەیش هەریەكەو سۆپایەكیان بۆ دادەگیرسێنرێ. توخوا دادپەروەرییە ئێوە سۆپاكانتان پڕ نەوت بێت و منداڵانی ئاوارەی مەخموورو دەوروبەریشی سەرمابردووبن.
هاوپۆل : دهنگی مهخموور - سهردانهكان : [312] - زیادكراوه له : - نووسهر : خهلیل پالاَنى |