|
نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزای بزن له جیهان‌دا بڵاوبوویه‌وه و سه‌رچاوه‌یه‌کیش له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی کوردستان، دووپاتیکرده‌وه، که هیچ حاڵه‌تێکی ئه‌و نه‌خۆشییه له کوردستان‌دا، تۆمار نه‌کراوه.
سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی نه‌خۆشییه‌کی نوێ به ناوی ئه‌نفلۆنزای بزن له وڵاتی هۆڵه‌ندا و گه‌یشتنی به ژماره‌یه‌ک وڵاتی عه‌ره‌بی، له‌لێدوانێکی تایبه‌تدا به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی کوردستان، د. خالس عه‌بدولقادر به "ئاژانسی په‌یامنێر و رادیۆ زاگرۆس"ی راگه‌یاند؛"تاکو ئێستا هیچ لایه‌نێکی فه‌رمی به تایبه‌تی رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی روونکردنه‌وه‌یان له‌و باره‌یه‌وه نه‌داوه، به‌ڵام چه‌ند حاڵه‌تیك له هۆڵه‌ندا تۆمار کراون".
هه‌روه‌ها وتی؛"ئێمه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانیدا هه‌یه و تاکو ئێستا له‌و جۆره روونکردنه‌وه‌یمان به ده‌ست نه‌گه‌یشتووه".
سه‌باره‌ت به جۆری نه‌خۆشییه‌که‌ش، وتی؛"ئه‌و نه‌خۆشییه به‌کتریاییه و هۆکاره‌که‌ی ڤایرۆسێکه به (Q) ناسراوه و کۆشنده‌یه و پێشتریش له جیهان‌دا بوونی هه‌بووه، به‌ڵام تاکو ئێستا ئه‌و جۆره نه‌خۆشییه وه‌کو په‌تایه‌کی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ته‌ندروستی گشتی نه‌چه‌سپێنراوه"، دووپاتیشیکرده‌وه و وتی؛"تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی ئه‌و نه‌خۆشییه له کوردستان‌دا، تۆمار نه‌کراوه".
سه‌باره‌ت به نیشانه‌کانی نه‌خۆشییه‌که‌ش، وتی؛"نیشانه‌کانی هه‌مان نیشانه‌ی ئه‌نفلۆنزای به‌رازن، واته "په‌یدابوونی ژان له سه‌رو و گه‌روو و ماسولکه‌کان‌دا به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما (تا) و بێ هێزی له‌شی نه‌خۆشه‌که‌دا، هه‌روه‌ها له کاتی قورسکردنیشیدا، ده‌بێته هۆی ته‌نگه نه‌فه‌سی و سک ئێشه". سه‌باره‌ت به مه‌ترسی په‌ره‌سه‌ندنی نه‌خۆشییه‌که‌ش، وتی؛"مه‌ترسییه‌که ئه‌وه‌یه که له ئاژه‌ڵه‌وه بۆ مرۆڤ بگوازرێته‌وه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی گشتی نه‌بۆته مایه‌ی مه‌ترسی له ئاستی جیهانیدا". به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم له‌و بڕوایه‌شدا بوو، که لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان به تایبه‌تی رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی سه‌باره‌ت به نه‌خۆشییه‌که له لێکۆڵێنه‌وه‌دا بن، تاکو به ته‌واوی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌چه‌سپێت. |